Promotional material

Kurdish: پشکنینی بیستن بۆ تازە لەدایکبوان: سەردانی کۆرپەکەت بۆ کلینیکی بەشی بیستن (ئۆدیۆلۆژی)

Updated 2 December 2021

زانیاری لەسەر سەردانی کۆرپە بۆ کلینیکی بەشی بیستن دوابەدوای ڕەوانەکردن.

ئەم زانیاریانە ئەوە ڕوون دەکەنەوە کە چی ڕوو دەدات لە یەکەم سەردان بۆ کلینیکی بەشی بیستن، لەوانە ئەو پشکنینانەی کە ئەنجام دەدرێت و دەرەنجامە چاوەڕوانکراوەکانیان.

بڕوانە چۆن بڵاڤۆکە دیجیتاڵەکان چاپ دەکەیت بۆ فەراهەمکردنی ڕوونووسێکی ئەم ڕێنوێنیانە بۆ هەر کەسێک کە ناتوانێت دەستی بە ئینتەرنێت ڕابگات.

خزمەتگوزارییە خۆجێییەکانی پشکنین دەتوانن چاویان بە ڕوونووسی تەواوی وەشانە چاپکراوەکە بکەوێت بە پی دی ئێف (PDF) لەسەر پۆرتاڵی داواکردنی سەرهێڵ (login required).

پەیوەندی بکە بە پرسگەی پشکنینی PHE بۆ هەر پرسیار و بەدواداچوونێک دەربارەی ئەم بڵاوکراوەیە، ئەوە دڵنیا بکە کە ناونیشانەکە بەتەوای بنووسیت.

1. پشکنینی بیستن بۆ تازە لەدایکبوان: سەردانی کۆرپەکەت بۆ کلینیکی بەشی بیستن (ئۆدیۆلۆژی)

تەندروستی گشتی ئینگلتەرە (PHE) ئەم زانیاریانەی ئامادە کردووە لەبری ئێن ئێچ ئێس NHS. لەم زانیاریانەدا، وشەی ‘ئێمە’ ئاماژە بەو خزمەتگوزارییەی NHS دەکات کە پشکنینەکە فەراهەم دەکات.


ئەم بڵاڤۆکە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی کۆرپەکەت دەبێت چاوی بە پسپۆڕێکی بیستن بکەوێت بۆ پشکنین لە کلینیکی بەشی بیستن و ئەو پشکنیانە چ شتێک لەخۆ دەگرن. پسپۆڕی بیستن کەسێکی پیشەوەری تەندروستییە کە تایبەتمەندە لە بیستندا.

animation

2. سەردانی کۆرپەکەت بۆ کلینیکی بەشی بیستن

کلینیکەکانی بەشی بیستن ئامێری تایبەتیان هەیە بۆ پشکنینی بیستنی کۆرپەکەت. ئەو پشکنینانە زانیاری باشتر فەراهەم دەکەن دەربارەی بیستنی کۆرپەکەت.

پشکنینی زوو بەزوو واتە تۆ دەزانیت ئەگەر کۆرپەکەت بیستنی لەدەست دابێت لەکاتێکدا کە هێشتا زۆر ساوایە. ئەوە گرنگە بۆ گەشەکردنی پاشەڕۆژیان.

کۆرپەکەت پێویستی بە پشکنینی زیاترە چونکە پشکنینەکانی بیستنی ئەو وەڵامێکی ڕوونیان نیشان نەداوە لە یەکێک یان هەردوو گوێیدا. دەوروبەری 2 بۆ 3 کۆرپە لە هەر 100 کۆرپە وەڵامێکی ڕوون نیشان نادەن و ڕەوانە دەکرێن بۆ بەشی بیستن.

زۆربەی کۆرپەکان لە کلینیکی بەشی بیستن دەردەکەوێت کە بیستنیان لە ئاستێکی پەسەندکراودایە.

دەوروبەری 1 لە 15 کۆرپە کە لە کلینیکی بەشی بیستن پشکنینیان بۆ دەکرێت بۆ هەتا هەتایە بیستنیان لەدەست داوە لە یەکێک یان هەردوو گوێیاندا. هەندێکیان لەدەستدانێکی کاتیی بیستنیان هەیە. بەوەی کە زوو بە لەدەستدانی بیستن بزانیت بوارێکی باشتر بۆ کۆرپەکان دەڕەخسێنێت بۆ گەشەپێدانی کارامەییەکانی زمان، ئاخاوتن و پێکگەیشتن و هەروەها دڵنیاکردنی ئەوەی کە خێزانەکانیان ئەو پشتگیریانەیان بەدەست دەگات کە پێویستییان پێیەتی.

زۆر گرنگە کە کۆرپەکەت بهێنیت بۆ وادەکە. ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە ئەو لەوانەیە پێویستی بە پشکنینی زیاتر بێت بۆ دۆزینەوەی هۆکاری ئەوەی کە دەبێت بۆچی بیستنی لەدەست دابێت. ئەو پشکنینانە دەبێت لەماوەی یەکەم چەند هەفتەی کەمی دوای لەدایکبوونیاندا ئەنجام بدرێت.

هەندێک لەو مناڵانەی کە بیستنیان لەدەست داوە کاردانەوەیان دەبێت بۆ دەنگ. لەدەستدانی بیستن لەوانەیە بەبێ پشکنینەکانی بەشی بیستن نەتوانرێت بدۆزرێتەوە.

ئەگەر کۆرپەکەت لەدەستدانی بیستنی هەبێت، زۆر گرنگە کە بە زووترین کاتی گونجاو پێی بزانرێت.

3. لە کلینیکەکە چی ڕوودەدات

وادەکە بە شێوەیەکی ئاسایی 1 بۆ 2 کاتژمێر دەخایەنێت. ئەوە ئەو کاتەش دەگرێتەوە کە بۆ ئارامکردنەوەی کۆرپەکەت پێویستە. پشکنینەکان زانیاری دوورودرێژترمان دەدەنێ سەبارەت بە بیستنی کۆرپەکەت. ئەوە ئازاری کۆرپەکەت نادات یان بۆ کۆرپەکەت ناخۆش نابێت. تۆ دەتوانیت لەگەڵ کۆرپەکەت بمێنیتەوە لەکاتێکدا کە پشکنینی بۆ دەکرێت.

پسپۆڕی بیستن لەوانەیە پشکنینێکی دەرکردنی ئۆتۆکۆستیک (OAE) بەکار بهێنێت. ئەوەش لەڕێگەی پارچەیەکی سەر نەرمی ناو گوێوە ئەنجام دەدرێت کە دەکرێت بە بەشی دەرەوەی گوێی کۆرپەکەدا. ئەو پارچەیە دەنگی کرتەکردن بە گوێکەدا دەنێرێتە خوارەوە.

بەشی ناوەوەی گوێ، کە بە کۆچلیا (cochlea) ناسراوە، بە شێوەیەکی ئاسایی کاتێک دەنگەکەی پێ گەیشت وەڵامدانەوەیەک بەرهەم دەهێنێت. ئامێری پشکنین دەتوانێت ئەو وەڵامدانەوەیە وەربگرێت.

ئەوان لەوانەیە پشکنینی وەڵامدانەوەی قەدی مێشکی بیستن (ABR) بەکار بهێنن. ئەوەش لکاندنی هەستەوەری بچووک بە کۆرپەکەتەوە لەخۆ دەگرێت.

دەنگ بە لەرەلەری جیاواز لەناو گوێی کۆرپەکەدا لێ دەدرێت. کۆمپیوتەرێک وەڵامدانەوەکە تۆمار دەکات بۆئەوەی پسپۆڕی بیستن بتوانێت ئەوە پێوانە بکات کە گوێی مناڵەکەت چەندە بەباشی وەڵام دەداتەوە.

پسپۆڕی بیستن پێت دەڵێت ئەنجامەکان چی دەگەیەنن و ئەگەر کۆرپەکەت پێویستی بە هەر وادەیەکی زیاتر بێت.

4. ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکان

ئەگەر پشکنینەکان لەدەستدانی بیستنیان نیشان دا، پسپۆڕی بیستن ئەوەت بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەنجامەکان چی دەگەیەنن. کۆرپەکەت لەوانەیە پێویستی بە پشکنینی زیاتر بێت بۆ پێوانەکردنی بڕ و جۆری لەدەستدانی بیستن.

ئەنجامی پشکنینەکان یارمەتی پسپۆڕی بیستن دەدەن کە پشتگیری و زانیاری ڕاست و دروست بدەن بە خۆت و بە کۆرپەکەت.

ئەگەر پێیان وتیت کۆرپەکەت بیستنی لەئاستی پەسەندکراودایە، ئەوە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو ئەگەری ئەوەی نییە کە لەدەستدانی بیستنی هەبێت. بەڵام مناڵ بۆی هەیە دواتر لەدەستدانی بیستنی تێدا ڕوو بدات، بەو جۆرە زۆر گرنگە کە کاتێک کە گەورە بوو پشکنین بۆ بیستنی بکەیت.

دەفتەری تۆماری تەندروستی کەسی مناڵەکەت لیستی نیشانەلێدانی تێدایە بۆ ئەو دەنگانەی کە مناڵەکەت دەبێت کاردانەوەی هەبێت بۆیان و ئەو دەنگانەی کە دەبێت ئەو دروستیان بکات کاتێک کە گەورەتر دەبن.

ئەگەر هەر نیگەرانییەکت هەیە دەبێت لەگەڵ سەردانکاری تەندروستی یان پزیشکی گشتی (جی پی) خۆت وتووێژیان لەسەر بکەیت. بیستنی مناڵەکەت دەکرێت جارێکی تر پشکنینی بۆ بکرێت لە هەر تەمەنێکدا بێت.

5. زانیاری زیاتر

تۆ دەتوانیت پەیوەندی بەو بەشی بیستنەوە بکەیت کە پشکنینەکە ئەنجام دەدەن. تۆ هەروەها دەتوانیت لەگەڵ تیمی پشکنینی بیستن، سەردانکاری تەندروستی، مامان یان پزیشکی گشتی (جی پی) خۆت قسە بکەیت.

ئەگەر ئەو کاتی وادەیەی کە دراوە بە تۆ لەبار نیییە، تکایە تەلەفون بکە بۆ گۆڕینی بۆ کاتێکی تر. چونکە تۆ لەوانەیە ماوەیەک لە بەشی بیستن بمێنیتەوە، تکایە ئەوە دڵنیا بکە کە دایبی و شیری پێویستت پێیە بۆ کۆرپەکەت. ئەگەر حەز بکەیت دەتوانیت کەسێک لەگەڵ خۆت بهێنیت.

زانیاری زیاتر سەبارەت بە بیستنی کۆرپەی تازە لەدایکبوو بخوێنەرەوە لەسەر ماڵپەڕی ئێن ئێچ ئێس NHS.

پەیوەندی بکە بە کۆمەڵەی نیشتمانی مناڵانی نابیستا:

  • تەلەفونی بێ بەرامبەری هێڵی یارمەتی: 8880 800 0808 (10 بەیانی بۆ 5 ئێوارە، دووشەممە بۆ هەینی)
  • ئیمەیڵ helpline@ndcs.org.uk
  • سەردانی www.ndcs.org.uk بکە

بەرنامەکانی پشکنینی ئێن ئێچ ئێس زانیارییە کەسییەکانی تۆ بۆ دڵنیاکردنی ئەوە بەکار دەهێنن کە تۆ لەکاتی خۆیدا بانگ دەکرێیت بۆ پشکنین. تەندروستی گشتی ئینگلتەرەش هەروەها زانیارییەکانت بەکار دەهێنن بۆ دڵنیاکردنی ئەوەی کە تۆ سەرپەرشتی چۆنایەتی باشت بەدەست دەگات. تۆ دەتوانیت زانیاری زیاتر بەدەست بهێنیت دەربارەی زانیارییەکانت چۆن بەکار دەهێنرێن و دەپارێزرێن و بژاردەکانت.

تۆ دەتوانیت پەیوەندی بە ئێمەوە بکەیت بۆ وەشانێکی برایڵی ئەم بڵاڤۆکە.

زانیاری زیاتر بەدەست بهێنە دەربارەی پشکنینی بیستنی کۆرپەی تازە لەدایکبوو.